عاموس ١: ٦ - ٢: ٣
Update: 2025-10-21
Description
عاموس ١: ٦ - ٢: ٣
- 6یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
- سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
- لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و
- بە ئەدۆمی فرۆشت،
- 7ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،
- قەڵاکانی دەخوات.
- 8فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و
- گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.
- دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،
- پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 9یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
- سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
- لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و
- پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
- 10ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور،
- قەڵاکانی دەخوات.»
- 11یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «لەبەر ئەوەی ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
- سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
- لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،
- بەبێ دەربڕینی بەزەیی.
- هەروەها لەبەر ئەوەی تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،
- قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
- 12هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،
- قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»
- 13یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
- سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
- لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،
- بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
- 14ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم
- قەڵاکانی دەخوات،
- بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،
- بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
- 15پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،
- ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
عاموس ٢
- 1یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
- «مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
- سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
- لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند
- هەتا ئەوەی بووە گەچ،
- 2هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،
- قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.
- مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،
- لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.
- 3فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و
- هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
Comments
In Channel