یاقوب ٥: ٧ - ٢٠
Update: 2025-09-25
Description
یاقوب ٥: ٧ - ٢٠
- 7بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. تەماشا بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە بەهادارەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت.
- 8ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە.
- 9خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
- 10خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد.
- 11وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.
- 12خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با قسەتان «بەڵێ» بۆ «بەڵێ» و «نەخێر» بۆ «نەخێر» بێت، نەوەک تاوانبار بکرێن.
- 13کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات.
- 14کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن.
- 15ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت.
- 16بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.
- 17ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری.
- 18نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا.
- 19خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە،
- 20با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.
Comments
In Channel