یوئێل ٢: ١ - ١١
Update: 2025-09-29
Description
یوئێل ٢: ١ - ١١
- 1لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
- لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
- با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
- چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
- 2ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
- ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
- وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
- سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
- لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
- لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.
- 3لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و
- لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.
- لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،
- لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،
- هیچ لێیان دەرباز نابێت.
- 4دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،
- وەک سوار غار دەدەن.
- 5وەک دەنگی گالیسکە
- لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،
- وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،
- وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.
- 6لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،
- هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
- 7وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،
- وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.
- هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و
- لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
- 8تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و
- هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،
- بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،
- بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
- 9بەناو شارەکەدا غار دەدەن،
- بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،
- سەردەکەونە سەر ماڵەکان،
- وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.
- 10لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،
- ئاسمان دەهەژێت،
- خۆر و مانگ تاریک دەبن و
- ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
- 11یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە
- لەپێش سوپاکەیەوە،
- سەربازەکانی زۆر زۆرن،
- ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.
- ڕۆژی یەزدان گەورەیە،
- زۆر سامناکە.
- کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟
Comments
In Channel