یوئێل ٣: ١ - ٢١
Update: 2025-10-03
Description
یوئێل ٣: ١ - ٢١
- 1«لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا،
- کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
- 2هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و
- دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات.
- لەوێدا دادگاییان دەکەم،
- لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل،
- کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و
- زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
- 3لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد،
- منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت،
- کچیان بۆ شەراب فرۆشت
- بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.
- 4«ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە،
- 5چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان.
- 6نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.
- 7«ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە.
- 8کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 9ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن:
- خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن!
- پاڵەوانەکان هەڵتسێنن!
- با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.
- 10گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر،
- داسەکانیشتان بکەنە ڕم.
- با لاواز بڵێت،
- «من پاڵەوانم!»
- 11ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن،
- لەوێدا کۆببنەوە.
- ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!
- 12«نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن،
- بۆ دۆڵی یەهۆشافات،
- چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی
- هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.
- 13داسەکە ڕاوەشێنن،
- چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە.
- وەرن ترێ بپڵیشێننەوە،
- چونکە گوشەرەکە پڕ بووە،
- قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت،
- چونکە خراپەیان زۆرە!»
- 14«لە دۆڵی بڕیار
- کۆمەڵ، کۆمەڵ!
- چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە
- لە دۆڵی بڕیار.
- 15خۆر و مانگ تاریک دەبن و
- ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
- 16یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
- لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە،
- ئاسمان و زەوی دەهەژێن.
- بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی،
- قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.
- 17«ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
- لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم.
- ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛
- لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.
- 18«لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت،
- گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛
- هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت،
- کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت،
- دۆڵی شەتیم ئاو دەدات.
- 19بەڵام میسر وێران دەبێت،
- ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران،
- لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد،
- خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
- 20یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت،
- ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
- 21لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم
- کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.»
- یەزدانیش لە سییۆن نیشتەجێ دەبێت!
Comments
In Channel